"نامه‌کانی گەندەڵێك"
04:42 *2008/4/29
ئا ئه‌وە كاری زه‌مانەیە وا چەرخی سوڕاندنەوەی منی شێواندووە. مرۆ ڤ ده‌توانێت چی بكات كاتێك زەمانە دێت و بێ ویژدانانە لە به‌ها ئه‌خلاقیه‌كان دایده‌ماڵێت. ئێستا ڕه‌نگه بزانن چۆن داشكاووم.
له خۆ ده‌پرسم چما چۆن ده‌كرێت ئه‌و گۆڕانه وا ڕووبدات؟ ئه‌و گۆڕانه بڵحه بۆ دەبێت مەدالیایەکی وا قێزەون لە یەخەی شانازیم بدات . ئای که قێزه‌ونی ئازارم ده‌دات. ئازار ! ئازار وه‌ك چۆن زه‌بری گوریسی تاوانەکانی بەعس ئازاری به بازوە پەشمەکیەکانی كوردپه‌روه‌ێكی نێو زیندانە نسرمەکان ده‌گه‌یاند كاتێك ددانه زبره‌كانی له مەچه‌كی گیر ده‌كرد . کاتێک دەیویست شانه‌كانی له ژێر قورسایی جه‌سته‌ی هه‌ڵواسراویدا له پۆ بخات و جوڵەیان لێ زەوت بکات. قێز ئاوه‌ها ئازارم ده‌دات. ده‌زانم به‌و لێكجوواندنانه گه‌لێك توڕه‌ده‌بن. به‌ڵام ئێوه بۆ توڕه‌ن؟من ته‌نها ئه‌شكه‌نجه‌دانی ویژدانی خۆمتان بۆ به‌یان ده‌كه‌م . به‌ڵێ گه‌لێك ئازارم ده‌ده‌ن ئه‌و وێنه نه‌به‌ردانه‌ی له لێڕه‌واری مێشكمدا لە گیانەڵاندان. ئه‌و وێنانه‌ی كه ئێوه ئه‌وسا به مه‌به‌ستی ڕێز لێگرتن پێتان به‌خشیم. ئێستا ئه‌و وێنانه گیانده‌ده‌ن وەک چۆن ئاسكه كێویله‌یه‌ك لینگه فرته‌ی ژیان ده‌كات به ده‌م لمۆزی دڕندەیەکی نەفرەت ڕوخسارەوە. ئازارم دەدن کاڵبوونەوەی ئه‌و وێنانه‌ی كه تریفه‌ی گیانبازیان په‌خشان ده‌كرد و پڕوشەی خەندەیان به سه‌ر لێوی وشکی كوڕوكاڵی نیشتماندا دەباراند. ئازارم ده‌ده‌ن ئه‌و دیمه‌نه هێمنانه‌ی له هه‌ناومدا وه‌ك ته‌مێكی خۆنه‌گرته‌ی به‌ر گزنگی به‌هارانێك ده‌ڕونه‌وه و یادگارییه‌كانی په‌یماندان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بۆ دۆزه‌خ ده‌به‌ن.
خەڵکینە ! هاوارێکتان بۆ دێنم لێم مەڕەخسێن ، نزایەکتان بۆ دێنم بەر نەفرەتی خۆتانم مەخەن. چۆن ئەو هەموو ئازارەی ڕۆحم نابینن ؟ چۆن؟ ئاخر چۆن تواندنەوەی قەڵای شانازی بەخۆوەکردنم نابینن ؟ چۆن ده‌توانن لێم خۆشنابن ؟ باوەڕ ناکەم ئه‌وه ئێوه‌بن، نا باوه‌ڕناكه‌م ئێوه ئاوا لە کانیاوی سۆزی خۆتان بێ بەشم کەن و له‌م بیابانی ئازاره ئه‌زه‌لییه‌د ابه‌جێم بهێڵن ! بۆ لێم دەگرن کە زەبری زەمانە دەستی لە بینا قاقای ویژدانم گیرکردووە؟
دەزانم ئێوە باوەڕتان بە زەبری زەمانە نییە؟ بەڵام چ بکەم؟ چ بکەم ئاخر من ناتوانم خۆ بە گەندەڵكارێك ببینم ! ئاخر ناتوانم نا . ناتوانم وه‌ك جاران به‌ڕووی زه‌مانه‌دا هه‌ڵشاخێم .