هەوار


kurd blogger.com



‌‌هێنده‌ی هه‌موو دونیا دڵی به‌ سازه‌دێ خۆشه ، له‌و ٢٥ ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا ١٨ یانی به‌خۆشیه‌وه‌ لێره‌ به‌سه‌ربردووه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ‌دووری  ڕه‌وه‌ند دڵ و ده‌روونی ده‌گوشێت . هه‌رچی پێشتر شیرینی ناسیبێت باوه‌ڕناكات ئه‌وه‌ ئه‌و  بێت وا بێ تاقه‌ت بووبێت.  ئه‌وه‌ چوار دانه‌ مانگی ڕه‌به‌قه‌ سۆمای چاوه‌كانیان پرشینگی سۆزیان  له‌یه‌ك هه‌ڵنه‌سووه‌. هه‌ربۆیه‌ ‌مات دیاره‌ و خه‌م به‌رۆكی گرتووه‌ ،  له‌ دڵه‌ڕاوكێدایه‌ ، جار جار لێزمه‌یه‌یه‌كی پڕئازاری گومان باڵ به‌سه‌ر مێشكیدا ده‌كێشن و گومانی ئه‌وه‌ی لا دروست ده‌كه‌ن كه‌ ڕه‌وه‌ند نه‌گه‌ڕێته‌وه‌‌ . ئاخر ئه‌و په‌یمانی دابوو كه‌ بێته‌وه‌. ڕاسته‌ جار جار كه‌مێك وه‌ڕه‌سی خۆی له‌و كه‌م و كوڕیانه‌ی له‌ دێدا به‌دی ده‌كران ده‌رده‌بڕی ، به‌ڵام  ئه‌و هه‌رده‌م مشوری چاككردنیانی ده‌خوارد . دواجار كاتێك لافاوه‌‌ به‌خوڕه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م به‌هاره‌‌ یه‌ك له‌ كۆڵه‌كه داره‌كانی پرده‌كه‌ی چه‌می قرژاڵه‌سوره‌ی خستبووه‌ له‌قین ، ئه‌و  دوو رۆژی ڕێك به‌ته‌نها خه‌ریك بوو هه‌تا چاكی نه‌كرده‌وه‌ وازی نه‌هێنا.  باشه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك به‌ته‌نگ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دێوه‌ نه‌بێت چۆن ده‌چێت دوو دانه‌ ڕۆژ تا بینه‌ قاقای خۆی له‌ نێو ئاوی ئه‌و چه‌مه‌ سه‌رشێته‌دا نوقم ده‌كات. ئێ ئه‌و  هێنده‌ی چاوه‌كانی خۆی خاك و خۆڵی سازه‌ دێی خۆش ده‌ویست ، بۆیه‌ گومانی ناوێت كه‌ دێته‌وه‌ . 

چاو له‌ سه‌ری ئه‌وسه‌ری ڕێگه‌ خۆڵه‌كه‌ ناتروكێنێت.چاوه‌ڕێی كه‌بوكی به‌ردڵانه‌. ‌ ناتوانێت ئه‌و بن داره‌ به‌جێ بهێڵێت.  ڕێك به‌وه‌ ده‌چێت كه‌ بڕیاری كۆتایی دابێت‌ و هه‌رله‌و جێگایه‌دا چاوه‌ڕێی بكات. له‌و چڵانه‌ی داره‌كه‌ی ده‌ڕوانی كه‌ گه‌ڵای هه‌مه‌ ڕه‌نگه‌یان له‌ خۆ گرتبوو، چڵ چڵی داره‌كه‌ خۆیان ئاماده‌ ده‌كردوو‌ له‌ ئان و ساتدابوون ده‌ست به‌ چینێك له‌ شین و شه‌پۆڕی پایز بكه‌ن. له‌ ژێر لێوه‌كانیه‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ رۆحی ماندووی خۆیدا كه‌وته‌ گفتووگۆ:

  • - نه‌با ئه‌و ساته‌ی ئه‌و ده‌گاته‌ ئێره‌ من لێره‌ نه‌بم. نا یه‌ك بست لێره‌ دوورناكه‌ومه‌وه‌. جا بۆچی دوور بكه‌ومه‌وه‌؟ پێویست ناكات بۆ هیچ لایه‌ك بڕۆم.
  • - كچێ هێنده‌ پابه‌ند مه‌به‌ به‌ بالۆره‌ی داوئامێزی ئه‌و كوڕه‌وه‌ ، ئاخر ئه‌ویش هه‌ر سه‌رشێتێكه‌‌ وه‌ك زۆربه‌ی كوڕانی تر وایه‌. سه‌یره‌ چۆن تا ئێستا له‌و ڕاستییه‌ نه‌گه‌شتوویت؟
  • - تۆ چوزانیت وایه‌؟ گوایه‌ سه‌یری كار و ره‌وشتیت نه‌كردووه‌؟ نابینیت چ رۆحێكی په‌پولانه‌ی هه‌یه‌، نابینیت چ بازوویه‌كی بنیاتنه‌رانه‌ی هه‌یه‌؟
  • - هه‌موویان وان، خۆیانت لێ‌ ده‌كه‌ن به‌ خزمه‌تكارێكی شه‌ریف، به‌ده‌م هیچیان نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌. كه‌ كاریش دێته‌ سه‌ر به‌جێ گه‌یاندن ، بۆشایی نێوان وته‌و كرده‌وه‌كانیان ئاسمان و ڕێسمانه‌.
  • - نا ، من ناتوانم ئه‌و دیده‌ی تۆم هه‌بێت، ئه‌وانیش له‌ ئاده‌مییه‌ك زیاتر چی تر نین،. ناتوانم وه‌ك تۆ به‌ گشتی له‌هه‌موویان بڕوانم. من ده‌توانم هه‌ڵاوێردیان بكه‌م. ئه‌وانیش وه‌ك هه‌موو ئاده‌مییه‌كی زیندوون . باش و خراپ . چالاك و ته‌مبه‌ڵ ، وریا و گه‌مژه‌شیان تێدایه‌. من له‌ كرده‌وه‌كانیان ده‌روانم ئه‌وجا هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆمی بۆ ده‌كه‌م. پاشان ئه‌و كه‌سه‌ كێیه‌ كه بێ كه‌م و كوڕی ‌ له‌م سه‌ر زه‌مینه هه‌ناسه‌ ده‌دات و ‌ ژیان ده‌كات؟
  • - هه‌روا ساویلكانه‌ بیر بكه‌ره‌وه‌ . ده‌زانیت به‌و شیوه‌یه‌ تۆ پێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆت ده‌نێیت. ئه‌وه‌ ژیانی خۆته‌ ، چۆن ده‌توانیت قومار به‌ ژیانی خۆته‌وه‌‌ ده‌كه‌یت؟
  • - نا وانییه‌ ئه‌و كوره‌ به‌ویستی خۆی ژیانی ئێره‌ی هه‌ڵبژاردووه‌. ئه‌و به‌دڵ له‌گه‌ڵ نه‌ریته‌كانی ئێره‌دایه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هاتووه‌ لێره‌ ، له‌م دێ چه‌په‌كه‌دا ژیان پێكه‌وه‌ بنێت. نابینیت چ پسپۆڕیكی په‌له‌وه‌ر سازییه‌؟ ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌شاردا ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێره‌ی بدایه‌ چ ده‌وڵه‌تێكی بۆ خۆی پێكه‌وه‌ده‌نا؟ پاشان من خۆم كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌م خسته‌ سه‌ریه‌وه‌ كه‌ بروات به‌شوێن شه‌مامدا ، به‌ڵكه‌ هه‌وڵێك بۆ هێنانه‌وه‌ی بدات. هه‌رچه‌ند من ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌كارێكی‌ نه‌كرده ‌و موسته‌حیل ده‌زانم ، لێ ئه‌و ئاماده‌بوو شان له‌ ژێری كارێكی وا بنێت. هه‌ربۆ ئه‌وه‌ش ڕۆشت ، ئاخر ئه‌و كوا سڵ له‌گرانی ئه‌ركه‌كانی ده‌كاته‌وه‌. هیودارم له‌و كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت.
  • - به‌ڵام ده‌بوو تائێستا بهاتایه‌ته‌وه‌. چ به‌ بوون چ به‌ نه‌بوونی كاره‌كه‌ی ده‌بوو بگه‌ڕێته‌وه‌ ، ئه‌و كاره‌ هێنده‌ی كات ناوێت.

ماوه‌ ماوه‌ گه‌ڵایه‌كی نیمچه‌ وشكه‌وه‌بووی هه‌ڵده‌گرت، كه‌مێك  ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی ده‌كرد. پاشان  له‌پی ده‌ستی كرده‌وه‌ و گه‌ڵایه‌كی له‌سه‌ر په‌نجه‌كانی ده‌ستی دانا . هه‌ندێك وردتر له‌ گه‌ڵاكه‌ی ده‌ڕوانی و سه‌رنجی له‌ ده‌ماره‌كانی ده‌دا . ده‌یڕوانی تا بزانێت كام ده‌ماره‌یان له‌‌گه‌ڵ هێڵكێش و خه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌پی ده‌ستیدا ته‌ریب ده‌وه‌ستنه‌وه‌‌. ئه‌و وته‌ خه‌رافییه‌ی به‌بیر ده‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ((‌ ئه‌گه‌ر  به‌ شێوه‌یه‌كی  هه‌ڕه‌مه‌كی گه‌ڵایه‌ك له‌ له‌پی ده‌ستتدا دابنێێت و ئینجا وا بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر دوو ده‌مارێك له‌ ده‌مارۆچكه‌كانی نێو گه‌ڵاكه‌‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو خه‌تێكی نێو له‌پی ده‌ستتدا هاوته‌ریب بوه‌ستنه‌وه‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كی ڕوونی به‌خت باشییه‌.)) چاوه‌كانی له‌گه‌ڕان به‌دوای ته‌ریبی خه‌ت و باشی به‌ختدا ماندوو ده‌بوون. كه‌مێك له‌ ده‌وری خۆی ورد ده‌بووه‌وه‌ ، دیسان چاوه‌كانی ده‌بڕیه‌وه‌ گه‌ڵاكه‌ی نێو ده‌ستی ، ئه‌مجاره‌  ده‌یویست بزانێت كه‌ داخۆ له‌ ڕێی شێوه‌ی گه‌ڵاكه‌وه‌ ، ده‌توانێت ئه‌وه‌ی به‌بیردا بێته‌وه‌ كه‌ دارتوو چۆن چۆنی پۆلێن بكات ، هه‌وڵی ده‌دا  تا بزانێت ده‌بێت له‌ نێو ‌ كامه‌ پۆلی ڕوه‌ه‌كه‌كاندا ریزی بكات. سه‌ره‌تا  ‌گه‌شته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ توو سه‌ربه ‌پۆلی بنه‌ڵه‌ تووتڕكه‌كان نه‌بێت. ئاخر تووتڕك له‌ ڕێی گرێ دڕكاویه‌كانیه‌وه‌ پاریزگاری خۆی ده‌كات،  بۆیه‌ ڕوه‌كێكی تا ڕادده‌یه‌ك ناحه‌زه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی كورته‌ باڵایه‌و ‌ له‌ چاو دارتوودا مشه‌خۆرێكه‌و خۆی به‌ ڕوه‌كه‌  هاوسێكانیدا هه‌ڵده‌واسێت ، به‌ڵام كوا دارتوو وایه‌؟ ئه‌و پێویستی به‌ دڕكی شێوه‌ بزمارین نییه‌. نا دارتوو  پێویستی به‌ به‌رگری له‌خۆكردن نییه‌ وێرای ئه‌وه‌ش‌ هه‌موان دارتوویان خۆش ده‌وێت. ئاخر كێ هه‌یه‌ یادگارێكی شیرینی ژێر دارتوویه‌ك وه‌ك ‌لاولاو خۆی  به‌هزریدا هه‌ڵنه‌واسیبێت. بیری ده‌هێنا و ده‌برد ، به‌ڵام پۆلێن كردنی چی! ئه‌و هه‌ر زوو  ده‌ركی به‌و  ڕاستییه‌ كرد كه‌ زانیارییه‌كانی ده‌رهه‌ق زانستی  ڕووه‌كزانی له‌ بیروهۆشیدا ته‌واو كاڵبوونه‌ته‌وه‌‌. بۆیه‌ هه‌رزوو له‌وگه‌مه‌ی پۆلێنكردنه‌ پاشگه‌زبووه‌وه‌ . دیسان بیری بۆ لای ڕه‌وه‌ند گه‌ڕایه‌وه‌.

‌ ده‌خوازێت هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیدا بیبینێت ، هه‌تا پاش له‌ ئامێزگرتنی یه‌كتر ، ده‌نگۆی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له‌ ده‌ستوری دێدا كراوه‌ ‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕێگرتن له (به‌زۆر به‌شوودان) ‌له‌ ده‌می ئه‌مه‌وه‌ ببیستێت ، ئه‌و گۆڕانه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ وێردی سه‌رزمانی نێر و مێی دێ. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌نده‌ له ده‌ستوردا ‌ به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بوایه‌ شه‌مام به‌و ده‌رده‌ نه‌ده‌چوو و ڕیڕه‌وی ژیانی نه‌ده‌گۆڕڕا. بۆیه‌ شیرین حه‌زی پێبوو گۆڕانكارییه‌كه‌ ناو بنرێت به‌ندی شه‌مام. به‌ڵام مشت و مڕی نێو ئه‌نجومه‌نی دێ كارئاسانی بۆ ئه‌و ناونانه نه‌كرد ، ئیدی ناونانێكی وا سه‌ری نه‌گرت. لێ ناونان به‌لای شیرینه‌وه‌ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو. دواجار ئه‌و گۆڕانكارییه‌ دادوه‌رییه‌كی باشتر بۆ كیژانی دێ دێنێت ، بۆیه‌ گه‌زگه‌ز باڵای سه‌رگرتنی ئه‌و كاره‌وه‌ ده‌كرد.

 له‌ هه‌مان ئه‌و شوێنه‌دا وه‌ستاوه‌ ، له‌وێدا ، له‌ دوا رۆژه‌كانی به‌هاری ئه‌مساڵدا  لێك جیابوونه‌وه و ماڵئاواییان له‌یه‌كتر كرد. هه‌ر هه‌مان ئه‌و شوێنه‌شه‌ كه‌ یه‌كتریان تیادا ناسی بوو . ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر له‌وێشدا بوو ، له‌ژێر هه‌مان دارتوودا، كه‌ یه‌كه‌مجار ده‌ستیان له‌ نێو ده‌ستی یه‌كتر كرد و له‌ ڕێی وردیله‌ هه‌سته‌ ده‌مارۆچكه‌كانی سه‌ری په‌نجه‌كانی ده‌ستیانه‌وه‌ ته‌زوی ماچ به‌ سه‌رتاپای له‌شیاندا تێده‌په‌ڕی ،  له‌و ساتانه‌دا له‌ نێو شه‌پۆله‌كانی شڵه‌ژاویی و هه‌ناوكه‌وتن و  داخورپانی دڵه‌وه‌ ، ئه‌و جوڵه‌ جه‌سته‌ییه‌ سه‌یرانه‌یان ده‌كرد كه‌ زه‌بری دوو دڵی یه‌كتر ڕاكێش له‌ هه‌ناو و  ماسولكه‌كانی جه‌سته‌ی  تازه‌ دڵدارانی ده‌كات. هه‌ربۆیه ده‌م و چاوی ‌هه‌ر‌دووكیان سورهه‌ڵگه‌ڕابوو ، شنه‌ی شه‌رمیش به‌ خوڕ له‌ كوڵمه‌كانیان ده‌باری. خۆ ده‌شیانزانی كه‌كه‌س نه‌یدیوون . جا با له‌و كاته‌دا خه‌ڵكی ئه‌وانی بینیبێتیش ، خۆ ئێره‌ سازه‌ دیێه‌ ، لێره‌ گه‌ڕان به‌دوای هاوه‌ڵی به‌ردڵاندا  نه‌ تابوویه‌كه‌‌ و نه‌ شوره‌ییشی به‌دواوه‌یه‌‌. بۆیه‌ شه‌رمی ئه‌وان زیاتر شه‌رمكردن له‌یه‌كتری بوو . چونكه‌ له‌و ساته‌دا هیچیان نه‌یانتوانی بوو به‌رهه‌ڵستی ئه‌و هێزی كێشكردنه‌ی نێوانیان بكه‌ن كه‌ هه‌نگاوه‌ سه‌راتاییه‌كانی خۆی ده‌نا.

 ‌له‌ تاریك و لێڵی ده‌م به‌یانه‌وه‌ به‌ پێوه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كات. هێنده‌ نه‌بوو مه‌لای مزگه‌وت له‌ بانگدان بووبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌م له‌ماڵ ده‌ركه‌وت ، له‌و ساته‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕێدایه‌. وا خۆر ته‌واو به‌رزبۆته‌وه‌ و له‌قوڵایی ئاسمان و گه‌ردووندا دیلانێ ‌ ده‌كات.‌ پێده‌چێت دیسان حه‌ز به‌وه‌ بكات به‌ تیشكی كه‌م تینی پایزانه‌ی خۆی ماچی په‌ڕه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كانی سه‌رپشتی له‌قله‌قه‌كانی دێ‌ بكات. ئه‌و دوو له‌قله‌قه‌‌ی كه‌ هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك له‌ پاش ده‌سته‌به‌ربوونی ده‌ستوور و داب و نه‌ریتی دێوه‌ هاتبوون و هێلانه‌یه‌كیان بۆ خۆیان له‌سه‌ر داره‌ هه‌ڵچووه‌كه‌ی لای ده‌سته‌ڕاستی سازه‌دێوه‌ بۆ خۆ سازدابوو. دیاربوو حه‌زیان به‌وه‌ بوو له‌ژێر خۆرهه‌تاوی پایزدا خۆ بكێشنه‌وه و ماندوێتی هاوینی به‌سه‌رچوو به‌ هه‌وای بۆنداری دێ بسپێرن‌ ، بۆیه‌ نه‌یانده‌ویست له‌م نێوه‌ڕۆ وه‌خته‌دا هێلانه‌كه‌ی خۆیان جێ بهێڵن. ئه‌میش لێیانی ده‌ڕوانی. له‌خۆی ده‌پرسی كه "‌ ئاخۆ  ئه‌و له‌قله‌قانه‌ چه‌نده‌ شاد و دڵخۆش بن؟ "  بێگومان شادن ، ته‌ماشایان بكه‌ ، بزانه‌ چۆن به‌ خامۆشی هه‌ڵنیشتوون ! به‌وه‌دا دیاره كه‌ نقه‌یان له‌ خۆبڕیوه‌ ‌، ئاخر ئه‌وان توشی كێشمه‌كێشی چاوه‌ڕوانی نه‌بوون‌‌. شیرینیش ئیره‌یی پێ ده‌بردن و ده‌یگوت  "دیاره‌ كه‌ شاد و بێ خه‌من  بۆیه‌ وا خۆیان لێ شل كردووه و تینی خۆرهه‌تاو هه‌ڵده‌مژن‌."  

 ئه‌مه‌ سێ  ڕۆژه‌ شیرین له‌و حاڵه‌دایه‌ . به‌ڕۆژ دێت ، لێره‌دا، له‌ژێر ئه‌م دارتووه‌دا چاوه‌ڕێ ده‌كات ، شه‌وانه‌ش له‌ ماڵه‌وه‌ ‌ بۆ چه‌ند ساتێكی كه‌م نه‌بێت خه‌و له‌ چاوه‌كانی ناكه‌وێت. بۆیه‌ هێنده‌ ماندووش دیاره‌. ئاخر چی بكات ئه‌و تازه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێو خه‌ڵوه‌تی چاوه‌ڕوانی یاره‌وه‌.

له‌ژێر دارتووه‌كه‌دا دێت و ده‌چێت ، خۆی به‌ پاكژكردنه‌وه‌ی شیله‌ و پوش و په‌ڵاشی په‌رش بووه‌وه‌ی بن داره‌كه‌وه‌ خه‌ریك ده‌كات. نه‌ده‌زانرا ئایا  ده‌وروبه‌ری دارتووه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ پاكژ ده‌كاته‌وه‌ تا سه‌رنجی خه‌ڵكی ئاوایی بۆ خۆی ڕانه‌كێشێت كه‌ كپ و خه‌مبار دیاره‌؟ یان هه‌ر هی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بۆ خۆی خولیای خاوێنی دێیه‌. ئاخر ده‌شێت خه‌ڵكی دێ له‌ خۆ بپرسن كه‌ داخۆ شیرین بۆ  هێنده‌ له‌بن ئه‌و دارتووه‌ه‌دا مابێته‌وه‌ ؟ ڕه‌نگه‌ پرسیاری وه‌ها به‌ خه‌یاڵیاندا ڕه‌ت ببێت.  به‌ڵام زیاتر له‌وانه‌یه‌ وا لێك بده‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ر  بۆخۆی بخوازێت  ئه‌وناوه‌‌ برێك پاكژتر ڕابگرێت. خه‌ڵكی سازه‌دێ هه‌موو ده‌زانن كه‌ كاتی خۆی باپیره‌ی شیرین ئه‌و دارتووه‌ی له‌وێدا ڕواندبوو .  بۆیه‌ ئه‌وان له‌وانه‌یه‌ وا هه‌ست بكه‌ن كه‌ ئه‌میش بره‌و به‌ كاره‌ جوانه‌كانی باپیره‌ی بدات.

زوو زوو به‌ده‌م لابردنی پرچه‌ ڕه‌شه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ وه‌ك ده‌سماڵێكی بریسكه‌دار  به‌سه‌ر كوڵمه‌ بۆر هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌یدا بڵاو ده‌بووه‌وه‌ سه‌رێكی هه‌ڵده‌بڕی و له‌ ده‌روازه‌كه‌ی دێی ده‌ڕوانی. هه‌ر جوڵه‌یه‌ك له‌وێوه‌ به‌دی بكرایه‌ خورپه‌یه‌كی له‌ دڵه‌ ناسكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌هانی. ئاخر چاوه‌ڕوانی خۆشه‌ویستان كارێكی هه‌روا ئاسان نییه‌ ، نا ئه‌وه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌ كه‌ بۆ دیداری ئه‌و ئازیزانه‌ی كه‌ لێت دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌‌ خوله‌كه‌كانی كاتژمێر به‌ ڕێ بكه‌یت.‌ 

 دڵی ترپه‌ترپێكی له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر ده‌كات ، ترپه‌ترپێك وه‌ك ئه‌و ترپه‌ترپانه‌ی له‌ سینه‌یدا‌ ده‌نگیان ده‌دایه‌وه‌،  كاتێك بۆ‌ یه‌كه‌م جار بیلبیله‌ی چاوه‌كانی له‌سه‌ر دڵۆپێك له‌ ئاره‌قه‌ شه‌ونمییه‌كانی لاملی ڕه‌وه‌ند نیشتنه‌وه‌. چه‌نده‌ دیمه‌نێكی جوان بوو به‌لایه‌وه‌ كه‌ ده‌یبینی  وا به‌ دڵ له‌ گه‌ڵ حه‌شاماتێكی نێر و مێی دێدا خه‌ریكه‌ . سه‌یربوو به‌لایه‌وه‌ كه‌ ڕه‌وه‌ند دوای وچانێك له‌ كاری هه‌ره‌وزی بۆ  هه‌رێزكردنی باخچه‌كه‌ی دێ به‌ده‌ور و خولیاندا دێت و چای بۆنداریان بۆ له‌ پیاڵه لێو ته‌نكه‌ڵه‌كان ده‌كات. له‌گه‌ڵ قومدان له‌ چای دیژله‌مه‌دا كۆڕی مشتو مڕیش له‌ نێوانیی هه‌ره‌وه‌‌زكاراندا گه‌رم بوو ، ئه‌ویش  هانی ده‌دان له‌ ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆیان شه‌رم نه‌كه‌ن. چه‌ند گڕبوونه‌وه‌یه‌كی جوان بوو له‌ ژێر ئه‌و دارتووه‌دا. بابه‌تێك ببووه‌ جێ مشت و مڕی هه‌موو به‌شدارانی كاری ڕازاندنه‌وه‌ی باخچه‌كه‌ی دێ ، بابه‌تێك ته‌واو په‌یوه‌ست به‌ كاری ڕازاندنه‌وه‌وه‌ ، په‌یوه‌ست به‌ سوده‌كانی  ڕازاندنه‌وه‌ی دێوه‌. بڕیار بوو نه‌مامه‌ نوێیه‌كان له‌ هه‌فته‌ی دواتردا بچێنن . ئیدی له‌ نێوان خۆیاندا  لێیان ده‌كۆڵیه‌وه‌ ، چۆن ریزی چاندنه‌كه‌ رێك بخه‌ن؟ داره‌كان چه‌ند سانتیمه‌تر  له‌ پیاده‌ ڕێكه‌وه‌ دووربن ؟چه‌ند مه‌تر له‌یه‌كتریه‌وه‌‌ دووربن ؟ ئه‌ی له‌ كامبه‌ری باخچه‌كه‌وه‌ بیاننێژن؟ هه‌موان به‌شدار ده‌بوون له‌گفتووگۆدا . بێ سڵكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی بیرۆكه‌كانیان گه‌مژانه‌ بێت بیروبۆچوونی خۆیان به‌ گوێی یه‌كتردا ده‌دا. جار جار ناكۆك ده‌بوون له‌وه‌ی له‌ كامبه‌ری باخچه‌كه نه‌مامه‌كان بنێژن . پاشان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌‌ی شیرین كۆك بوون كه‌ باشتره‌  له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ی باخچه‌كه‌ و له‌به‌ری رۆژئاواوه‌ ‌ بیانڕوێنن . ئه‌وه‌ی بیر ده‌كه‌وته‌و كه‌ چۆن له‌و ساتانه‌دا زمانی ته‌ته‌ڵه‌ی ده‌كرد ، ئاخر ئه‌و له‌كاتی ده‌ربڕینی ڕاكه‌ی خۆیدا هه‌ستی به‌ كێشبوونێك بۆ‌ سۆزی ڕه‌وه‌ند ده‌كرد.  كاتێك گوتی ( من بۆیه‌ پێم باشه‌ له‌ لای رۆژئاوای باخچه‌كه‌وه‌ نه‌مامه‌كان بڕوێنین هه‌تا پاش نێوه‌روانێكی ده‌ره‌نگ له‌ ژێر سێبه‌ری داره‌كاندا كه‌ ده‌یانڕوێنین پیاسه‌ بكه‌ین) ئاخر ئه‌وان  زیاتر پاش نێوه‌ڕوانێكی دره‌نگ ده‌رفه‌تی پیاسه‌كردنیان ده‌بێت چونكه‌ كاته‌كانی تری ڕۆژ پابه‌ندی كاره‌كانیانن . داره‌كان ته‌نها له‌به‌ری رۆژائاواوه‌ سێبه‌ری خۆیان  له‌ سه‌ر پیاده‌ ڕێكان ده‌خه‌ن، بۆیه‌ شیرین پێی باش بوو له‌و به‌ره‌ی باخچه‌كه‌وه نه‌مامه‌كان‌ بنێژرین. دوایی هه‌ره‌وزكاران ئه‌و بۆچونه‌یان پێ باش بوو.  ئیستاش ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ لێدانه‌كانی دڵیدا ده‌ڵێت كه‌نگێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لام؟ ده‌وه‌ره‌وه‌  تا هه‌ندێ پێكه‌وه‌ پیاسان بكه‌ین.

 ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نییه‌ له‌ كه‌سی نزیك و خۆشه‌ویستانی خۆی جیابووبێته‌وه‌ . ساڵ و نیوێك پێش ئێستا كاتێك باوكی شه‌مامی هاوڕێی له‌ داب و نه‌ریته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دێ لایدا ، ئیتر به‌ده‌ستووری دێ نه‌ده‌كرا و  ڕێی پێ نه‌ده‌درا له‌ دێدا بمێنێته‌وه‌ ، ئاخر ئه‌و شه‌مامی به‌ده‌ر له‌ویستی خۆی به‌ شوو ده‌دا بۆیه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بردی بۆشار و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕانه‌وه‌. له‌وێ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی كه‌ شه‌مام هه‌رگیز نه‌یده‌خواست سه‌ربگرێت به‌ ئه‌نجام گه‌یه‌ندرابوو.‌ ئه‌و لادانه‌ی باوكی شه‌مام‌‌ یه‌كه‌م له‌ڕێ لادان بوو له‌ داب و نه‌ریتی باوی دێ له‌لایه‌ن یه‌ك له‌ دێنشینانی سازه‌دێوه‌.

‌ یه‌ك له‌ ڕێساكانی په‌سه‌ند كراوه‌كانی دێ ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌زۆر به‌مێردكردنی كچان هه‌رگیز له‌ سازه‌ دێدا  ڕێگه‌ی پێ نه‌ده‌درا.  ئه‌و ڕێسایه‌ ماوه‌یه‌كی كورت پاش خڕبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ دامه‌زراندنی دێ و له‌ دوای ڕێكه‌وتنێكی زۆرینه‌ی  دانیشتوانی پێگه‌ییوی دێوه ببووه‌ یه‌ك له‌و بنه‌ام كه‌لتوریانه‌ی كه‌ سازه‌ دێی له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری جیا ده‌كرده‌وه‌. لێ به‌ختی شه‌مام له‌و بواره‌دا ڕه‌شی هێنابوو. باوكی چووبووه‌ كه‌لی شه‌یتان و له‌ بڕیاره‌كه‌ی خۆی په‌شیمان و پاشگه‌ز نه‌ده‌بووه‌وه . ئه‌و هه‌رده‌یویست  به‌زۆر كچه‌ ١٧ ساڵاناكه‌ی بداته‌ كوڕی هاوسێ دوكانداره‌كه‌ی جارانی شاری. ئه‌و چاره‌نوسه‌ی شه‌مام شیرینی گه‌لێك دڵته‌نگ كردبوو. لی ئه‌مجاره‌ كه‌ له‌ هاوه‌ڵی دڵی دووره‌ كاریگه‌ریه‌كان زۆر جیاوازترن.

ئه‌و لێكدابڕان و جودا بوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مجاره‌ لێی ڕووداوه‌ گه‌لێك زیاتر له‌ دابڕانه‌كه‌ی شه‌مام  دڵته‌نگی كردووه‌. كاتێك له‌ شه‌مام دابڕا‌ هه‌تا چل دانه‌ ڕۆژ  توشی خه‌مۆكی بوو بوو، ده‌تگوت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كات چله‌ی ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر بچێت هه‌تا كه‌مێك  ئاه به‌به‌ردڵیدا بێته‌وه‌. ئاخر شه‌مام هیچ دڵی به‌و شووه‌ خۆش نه‌بوو . ئه‌و حه‌زی به‌ خوێندن بوو ، حه‌زی به‌وه‌بوو بوارێكی بۆ بگونجێت تا په‌ره‌ به‌خوێندن بدات و له‌م كه‌ونه‌و و له‌بوون ووردبێته‌وه‌ ، هه‌تا ڕاده‌یه‌كی بارگه‌كراو به‌ ویستی سنوورنه‌ناسانه‌ی تافێ لاوێتی ده‌یخواست له‌ نهێنییه‌كانی گه‌ردوون بگات. به‌ڵام نا باوكی ده‌یویست بیداته‌ شوو و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی جوانیدا خێزانێكی بۆ پێك بهێنیت. ئه‌م كاره‌ی باوكی بیرۆكه‌ی په‌رده‌هه‌ڵماڵینی له‌سه‌ر زانسته‌ گه‌ردوونیه‌كان له‌ به‌ردیده‌ی شه‌مامدا به‌ هه‌ڵم ده‌كرد. جا شیرین به‌ده‌ر له‌ هاوڕێیه‌تییه‌ نزیكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌مامدا بۆ مردنی ئه‌و گیانی په‌یپێبردنه‌ش له‌شه‌مامدا هێنده‌ی تر خه‌فه‌تبارتر بووبوو.   لێ ئه‌م دابڕانه‌ی پار له‌ ڕه‌وه‌ند زێده‌تر كاریگه‌ری له‌سه‌ر جێهشتووه‌.  ئاخر ئه‌وان ریشوی هه‌ستیان خه‌ریك بوو تووندتر پێكه‌وه‌ گرێ بدرێن. بۆیه‌ ئه‌مه‌یان گه‌لێك سه‌ختتره‌ ، ئه‌م دابڕانه‌ زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانی تاكه‌ كه‌سی خۆیه‌وه‌. ئه‌م جاره‌یان ‌ئازاری لێك دابڕان نه‌ك ته‌نها تووشی خه‌مۆكی كردبوو ، به‌ڵكو بۆ ماوه‌ی یه‌كه‌مین هه‌فته‌ی جودابوونه‌وه‌كه‌  زه‌واد و خوردیشی لێ تاڵ كردبوو.

 چوار دانه‌ مانگه‌ گڕی بیركردن له‌ هه‌ناویدا كڵپه‌ ده‌سه‌نێت و له‌م دوایینن هه‌فته‌یدا له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر تینی سه‌ندووه‌.  لێ ئه‌وه‌ سه‌دای په‌یمان دانه‌ بڕێك ئاه به‌ ده‌ر‌وونیدا ده‌هێنێته‌وه‌ ، ده‌نا ئه‌و له‌ م ده‌مانه‌دا‌  په‌شۆكاوترین كیژی دێ بوو . كه‌ بیری ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ڕه‌وند دابوونی به‌نێو كوچه‌وكۆڵانه‌كانی یادگاره‌كانیدا ‌ده‌گه‌ڕان ، ئیدی وێنه‌ی ئه‌وساتانه‌ له‌ پێش چاوه‌كانیدا ده‌بریسكانه‌وه‌  كه‌ تیایدا ماڵئاواییان له‌ یه‌ك كردوو و له‌یه‌ك جودابوونه‌وه‌. چه‌ند نزیك له‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ستابوون . چه‌ند  به‌ ته‌نگ خۆشی یه‌كتره‌وه‌‌ ئاوا له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌دوان: 

  • - پاش شه‌ش مانگ له‌ ئاڵوگۆڕی سۆز، چۆن ده‌توانیت جێم بهێڵیت؟ چۆن هێز له‌ئه‌ژنۆكانتدا هه‌ن ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ وا به‌نیوه‌ ناچڵی لێ بگه‌ڕێیت؟ ها ڕه‌وه‌ند گیان چۆن ده‌توانیت، چۆن؟

وێنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی ڕه‌وه‌ند له‌به‌ردیده‌كانیدا قوتبوونه‌وه‌ كه‌ هێواش هێواش ده‌سته‌كانی شیرینی گرتوو ڕووه‌ و لای لێوه‌كانیه‌وه‌ بردی پێش ئه‌وه‌ی بڵێت:

  • - نا شیرین گیان تكایه‌ لێم تێ بگه‌، ئه‌مه‌ جێهێشتن نییه‌. من به‌ ئه‌ركێكی مرۆییانه‌ ده‌ڕۆم.
  • - ئه‌ركی مرۆییانه‌ی چی ، تۆ ده‌توانیت چی بۆ بكه‌یت؟ خۆ من نامه‌وێت په‌ژێوانت بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام گیانه‌كه‌م ئه‌و كاره‌ی تۆ به‌نیازیت بیكه‌یت ، كارێكی ترسناكه.‌ نه‌با هه‌ناسه‌كانی تۆشم له‌ده‌ست بچێت، ئاه زمانم لاڵ بێت . ئاخر من له‌ ژیانی تۆ ده‌ترسم.
  • - ترست نه‌بێت، ته‌نها هه‌وڵێك ده‌ده‌م ، ناهێڵم زیان به‌كه‌س بگات، هه‌وڵێكه‌و ده‌یده‌م ، به‌ڵكو ببمه‌ یاریده‌ده‌رێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی شه‌مام بۆ ڕیڕه‌وی ئاسایی خۆی.
  • - خۆ من به‌ سه‌ركه‌وتنت له‌و كاره‌دا ده‌بمه‌ شادمانترین په‌پوله‌ی گوڵزاری ژیان. به‌ڵام هه‌ر له‌ خۆوه‌ ترسێك پانتایی هۆشمی داگیر كردووه‌.
  • - دڵه‌كه‌م، تكایه‌ گه‌شبینیه‌، گه‌شبینی كلیلی گه‌شتن به‌ئاواته‌كانه‌. له‌ده‌ڵه‌وه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنم بۆ بخوازه‌، من بۆخۆم هیوایه‌كی باشم هه‌یه‌. تۆ له‌و باسه‌ بگه‌ڕێ، ئاخر پێشتر زۆر باسمان كردووه‌. له‌م گفتووگۆیه‌دا ته‌نها خۆمان دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه و هیچی تر ‌. تۆ وه‌ره‌ پێم بڵێ، ئه‌زیه‌كه‌م ، بزانم پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت چیت به‌ دیاری بۆ بهێنم‌.
  • - نامه‌وێت هیچ شتێك ه‌ستنیشان بكه‌م. گیانی شیرین، جوانی دیاری بۆخۆی‌ له‌ ئازادكردنی ویست و بژێریاری دیاریهێندایه. بزانم خۆت به‌چی سه‌رسامم ده‌كه‌یت؟
  • - بێگومان ده‌زانم چیت بۆ دێنم ، كه‌واته‌ بامنیش بیهێڵمه‌وه‌ بۆ كاتی خۆی ، بزانم به‌ ده‌ست و دیاریم ده‌توانم گه‌وهه‌ری خۆشی له‌ دڵت بنێم!
  • - بڕوات بێت ئه‌وه‌ پرسی ناوێت، كێ هه‌یه‌ پاڵ به‌ به‌ختی خۆیه‌وه‌ بنێت؟ ئاه كه‌ به‌ شیرینی دیاری مه‌ست ده‌بم.
  • - چاوی ڕاستم ، دره‌نگه‌ ئیدی ده‌بێت بڕۆم . ده‌زانیت چه‌نده‌ سه‌خته‌ كه‌ له‌ خۆ ده‌گه‌ڕێم ته‌نها بم . به‌ڵام ئه‌وه‌ درێژه‌ ناكێشێت. حه‌ز ده‌كه‌م بێگومان بیت‌ له‌وه‌ی كه‌ دێمه‌وه‌. جا چۆن ده‌توانم نه‌یه‌مه‌وه‌. ها چۆن ده‌توانم؟ پاشان باسی پرۆژه‌ و مافه‌كانی كیژانت كرد. ئاخر تۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ت وا بردۆته‌ پێشه‌وه‌ ئیدی هیچی بۆ من تیادا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بیكه‌م. بێ گومانم به‌ چوستی هه‌وڵه‌كانی تۆ سه‌رده‌گرێت. تكایه‌ سور به‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خواستانه‌. بێ گومانم ئاسووده‌یی به‌دوادا ده‌بێت.
  • - بێ تۆیی كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر به‌جێگه‌یاندنی پرۆژه‌كه‌ ده‌بێت، به‌ڵام بێگومان به‌ لێ ناگه‌ڕێم تا نه‌بێته‌ ڕێسایه‌ك. با ئیتر كه‌سی دی له‌ كیژانی ئه‌م دێیه‌ به‌ ده‌رده‌كه‌ی شه‌مام نه‌چن و ئه‌و ئازارانه‌ی جه‌سته‌ی شه‌مامیان ده‌گه‌زی هه‌رگیز دوباره‌ نه‌بنه‌وه‌.
  • - بزانم چ سوارێكی ئه‌و بواره‌ ده‌بیت! دڵنیام ئه‌و كاره‌ به‌ سه‌لیقه‌یی تۆ سه‌رده‌گرێت.
  • - ئازیزه‌كه‌م ، په‌یمانم پێ بده‌ كه‌ دێیته‌وه‌.
  • - په‌یمانه‌ كه‌ دێمه‌وه‌ دڵه‌ شیرینه‌كه‌م. ئاخر بزانه‌ كه‌ به‌رگه‌ی دووری هه‌ناسه‌كانت ناگرم ئه‌وه‌ بۆیه‌ به‌ زووترین كات دێمه‌وه‌.

  نیوه‌ ساڵێك بوو دڵیان گرێدراوی یه‌ك بوون. شه‌ش مانگ هه‌ستكردن به‌وه‌ی كه‌ بۆ خۆشی كه‌سێكی تر ده‌ژیت و هه‌ناسه‌ ده‌ده‌یت، شه‌ش مانگ له‌ ئارامی مێشك و هێمنی ده‌روون. له‌‌ دواهه‌مین دیداریاندا په‌یمانی پێدا كه‌ یه‌كتر ببیننه‌وه‌. سه‌رتاسه‌ری وه‌رزی هاوین شیرین كه‌ گوێی له‌ واق و ویرێ قازو  قوڵینگه‌ كۆچكه‌ره‌كان ده‌بوو خۆزگه‌ی ده‌خواست كه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندا گۆێی لێیان بگرتایه‌.

چ به‌هارێكی ڕه‌نگینبوو  كه‌جێی هێشت، ده‌بوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شار. په‌یمانی به‌ دایكه‌ ناساخه‌كه‌ی دابوو  تا جه‌ژنی قوربانی له‌لای ئه‌و بكات. ئیدی ئه‌و سه‌ردانه‌ی بۆشار ببووه‌ ده‌رفه‌تێكیش  تا هه‌وڵێك بۆ گێرانه‌وه‌ی شه‌مامیش بدات.

له‌و دوا دیداره‌دا دوا شت كه‌ له‌ شیرینی وه‌رگرت چوكلێتێكی به‌ كارامێل ئاخنراو بوو. هه‌ر كه‌ چوكلێته‌كه‌ی وه‌رگرت خێرا به‌ پێكه‌نینێكه‌‌وه‌ به‌ شیرینی گووت:

  • - شه‌كره‌ شیرینه‌كه‌ی رۆح ، ده‌ته‌وێت دیسانه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و خۆزگه‌یه‌ی خۆمت بۆ به‌یان بكه‌مه‌وه. ئه‌و خۆزگه‌یه‌ی كه‌ هه‌ر له‌منداڵیمه‌وه‌ ئاواته‌خوازم بمزانیایه‌ ئاخۆ ئه‌و كارامێله‌ خۆشه‌ چۆن دروست ده‌كرێت؟ كه‌مێك له‌ كاخه‌زه‌ ڕه‌نگ ئاڵتوونیه‌كه‌ی چكلێته‌كه‌ی ڕوانی و ئینجا گووتی:
  • - ده‌ڵێم ئه‌م چكلێته‌ هه‌ر ئاوه‌ها هه‌ڵبگرم و نه‌یخۆم.
  • - چییه گیانه‌؟‌ ئه‌مه‌ش خولیایه‌كی تازه‌یه و من ئاگام لێی نییه‌‌؟ وام ده‌زانی ته‌نها خولیای نوسینی ئه‌و وشانه‌ت هه‌یه‌ كه‌ ماناكانیان باش نازانیت.
  • - ئه‌دی . ئه‌مه‌ش خولیایه‌كی تره‌ كه‌ ده‌مه‌وێت بۆت باس بكه‌م. به‌ڵام توخوا به‌ شێت و دێوانه‌ له‌ نێو هه‌یوانی مێشكت و په‌نجه‌ره ‌ڕازاوه‌كانی خانه‌كانی مێشكتم مه‌نێ‌ ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌م چكلێته‌ هه‌ڵده‌گرم هه‌تا هه‌ركات سه‌یریم كرد و بۆنی كارامێل له‌ كاغه‌زه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌رچوو ئیدی بۆنی دوا ماچی لێوه‌ كارامێلاویه‌كانتم بیر بكه‌وێته‌وه‌.
  • - شاڵا هه‌ر پێم بگوتیتایه‌ دێوانه‌! تۆ ته‌ماشاكه،‌ خۆ خه‌ریكه‌ لێشم ده‌بێته‌ شاعیر. ئاخر گیانی گیانان ده‌زانیت ئه‌و چوكلێته‌ هه‌ڵبگریت له‌ گیرفانه‌كانتدا ده‌تلیسێته‌وه‌ و هه‌موو گیانت ده‌بێته‌ شیله‌.
  • - جا له‌وه‌ باشتر چی هه‌یه‌؟ ئه‌وسا هه‌موو دونیای ده‌وروبه‌رم بۆنی تۆیان لێدێت و هه‌ر زوو هه‌وڵ ده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لات. گیانه‌كه‌م هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌كۆڵكردنی چارۆكه‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره‌دا خه‌ریكه‌ بیرت ده‌كه‌م .
  • - تۆ بڵێیت حه‌وسه‌ڵه‌ی كاره‌ساتێكی وه‌هات هه‌بێت. بیر بكه‌ره‌وه‌ ڕه‌وه‌ند گیان . شیله‌ و شه‌كری تواوه‌ به‌ جله‌كانتدا بڵاو ببنه‌وه‌. چی ڕووده‌دات ؟ خۆ هه‌رچی مه‌گه‌زی ده‌وروو به‌ره‌ لێت ده‌نیشێته‌وه‌. وه‌ی دایه‌گیان له‌و دیمه‌نه‌ ، چه‌ند دیمه‌نێكی سه‌یر ده‌بێت !

ده‌ستی كرده‌ خرمه‌ی پێكه‌نین و ئینجا به‌رده‌وام بوو و گوتی:

  • - ده‌زانیت بۆ ئه‌و حاڵه‌ به‌زه‌ییم پێتدا دێته‌وه‌. ده‌ بیخۆ كوڕه‌ نازداره‌كه‌ ، با بۆنی كارامێل نه‌تكاته‌‌ نێچیری مار و مێرو
  • - ئه‌و دیمه‌نه‌ مه‌حاڵه‌ ڕووبدات. بڕوات بێت ئه‌وه‌ی پێی بڵێیت گۆڕان به‌سه‌ر دۆخی ئه‌م چكلێته‌دا نایه‌ت. ده‌زانیت بۆ؟
  • - ئاده‌ی بزانم بۆچی؟ گوایا تۆ كوڕێكی باشیت و كاره‌ساتت لێ ڕونادات؟ ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی هه‌رزه‌كارانه‌یه‌.
  • - تۆ ته‌ماشاكه‌ بزانه‌ چۆن هێرش ده‌كات. جا كوا من شتی وام گوتووه‌؟ تۆ بۆ خۆت تاوان له‌كۆڵم ده‌نێیت و به‌ئاره‌زوی خۆشت حوكمی كوێرانه‌م به‌سه‌ردا ده‌ده‌یت. به‌ڵام گرنگ نییه‌ با وابێت. ئاه ده‌زانم چۆن له‌ قوڵایی‌ ناخته‌وه‌ ده‌ته‌وێت بزانیت چۆن ئه‌م چكلێته‌ ده‌پارێزم ؟
  • - گوایا چی لێ ده‌كه‌یت؟ خۆ له‌ قاڵبه‌ سه‌هۆڵی ناگریت؟

  هه‌ركه‌  رێڕه‌وی بیری له‌ گه‌ڵ ئه‌و دوا وتووێژانه‌دا شۆڕ ده‌بووه‌وه‌ نێو  چه‌می یاده‌وه‌ریه‌كانی ئیتر ترپه‌كانی دڵی خێراتر ده‌بوون. ده‌یگوت هاكا هاته‌وه‌ و دیاریه‌كی له‌ نێو ده‌سته‌كانم كرد. تۆ بڵیی چكلێته‌كه‌ی پاراستبێت.  ئه‌و ‌په‌یمانی دا ئه‌م پایزه‌ له‌گه‌ڵ وه‌رینی یه‌كه‌م گه‌لادا بێته‌وه‌. ئێستاش ئه‌و تۆنه‌ له‌ گوێكانیدا ده‌زرینگێته‌وه‌ ، به‌تۆنێكی ‌ ناسك وشه‌ی گه‌ڵای ڕافه‌ ده‌كرد .چه‌ند به‌جوانی دیگوت گه‌لا ، ئاخر ئه‌و پێی وا بوو ڕافه‌كردنی ( ڵ) به‌ پڕی ناسكی گه‌ڵا  لكه‌دار ده‌كات . بۆیه‌ حه‌زی به‌وه‌بوو بڵێت گه‌لا. پایزی پار ، هێشتا لاله‌ی دڵیان بۆنی یه‌كیان نه‌كردبوو، كاتێك سه‌رنجی گه‌ڵا ڕیزانیان ده‌دا ئاوا له‌ وه‌رینی گه‌ڵاكانیان ده‌ڕوانی:

  • - ڕه‌وه‌ند ، ته‌ماشاكه‌ ، ته‌ماشای ئه‌و دار تووه‌ بكه‌، بزانه‌ جه‌نده‌ خه‌مگین دیاره‌ و ته‌نها چه‌ند گه‌ڵایه‌كی كه‌م به‌ به‌ده‌نیه‌وه‌ ماوه‌. نازانم چۆن به‌رگه‌ی‌ جودا بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌ڵایانه یان بڵێم (گه‌لایانه)‌‌ ده‌گرێت؟
  • - شیرین ‌گیان ئه‌و دارتووه‌ دارێكی ڕه‌سه‌نه‌ و ناخوازێت خۆی له‌ به‌ندوباوی سروشت یاخی بكات. ئاخر ئه‌وه‌ته‌ی دونیا دونیایه‌ داره‌كان گه‌لاكانیان بۆ خاتری جوانی پایز به‌قوربانی ده‌كه‌ن. ئه‌وگه‌لایانه‌ جگه‌ری ئه‌ون، دیاره‌ بۆ هه‌ر گه‌لایه‌ك فرمێسكێكی ته‌ڕی به‌خاك سپاردووه‌ بۆیه‌ وا بن قه‌ده‌كه‌شی ته‌ڕ و بڕه‌. گوێبگره‌ بزانه‌ چ ئاوازێك ده‌سازێنێت، دڵنیام كه‌ ماته‌مترین ئاواز بۆ وه‌رینی دوایین گه‌لای جگه‌رگۆشه‌ی ساز ده‌كات. هاكا ماڵئاوایی له‌و گه‌لایه‌ش كرد . به‌ڵام ته‌ماشاكه، له‌ سوڕی وه‌رزه‌كان بڕوانه‌ ،‌ خه‌مگینی جیابونه‌وه‌ له‌ گه‌لا هه‌رگیز ئه‌و داره نائومێد ناكات. دیاره‌ خۆی بۆ پڕبوونێكی تر ساز ده‌كات. ئاخر گه‌لا كۆنه‌كان گوێكانیان له‌ ڕازی دڵداران پڕبووبوون‌ ، بۆیه‌ ده‌بێت ده‌ستبه‌رداریان ببێت. له‌وه‌رزی تازه‌دا ‌گه‌لای تازه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنیت تا له‌گه‌ڵ سۆزی دڵداراندا گه‌شه‌ بكه‌ن و به‌ ته‌ڕی ماچه‌كانی ئه‌وان سه‌وز دابێن.

جوڵه‌یه‌ك له‌ دووره‌وه‌ به‌دی ده‌كات، چاوه‌كانی كه‌مێك ده‌نوقێنێت هه‌تا باشتر له‌ ریتمی ڕۆشتنه‌كه‌ بگات. له‌به‌رخۆووه‌ ده‌ست به‌ قسه‌كردن ده‌كات "به گوژمی ‌ ڕۆشتنه‌كه‌دا له‌وه‌ ده‌كات ڕه‌وه‌ند بێت. كه‌سێكی تریشی له‌گه‌ڵه‌، بڵێیت ئه‌وه‌ شه‌مام بێت، تۆ بڵێیت توانیبێتی ئه‌و مێرده‌ نابه‌دڵه‌ی‌ ڕازی بكات ده‌ستبه‌رداری شه‌مام بووبێت، یان  بڵێی شه‌مامیش هه‌ڵهاتبێت " به‌ په‌شۆكاوی و سه‌رسامییه‌وه‌ ده‌یگوت " چ په‌له‌مه‌ بزانم ؟ ئێستا ده‌گه‌نه‌ ئێره‌، ئه‌وسا هه‌موو شتێكم لا ئاشكرا ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یان به‌شه‌مام ناكات ، ئه‌و هێنده‌ گۆشتن نه‌بوو. نا چاوه‌ڕێ ناكه‌م تا ده‌گه‌نه‌ ئێره‌ ، با به‌ره‌و ڕوویان بڕۆم . ئا به‌ره‌و ڕویان ڕاده‌كه‌م. ده‌مه‌وێت زووتر پێیان بگه‌م، ڕاده‌كه‌م تا لێیان نزیكتر ببمه‌وه‌ . ئه‌وسا خۆم پێی ده‌ڵێم ، ده‌بێت گۆڕانی بڕگه‌كه‌ی ڕێسای نوسراوی دێ‌ له‌ ده‌می منه‌وه‌ بیبیستێت".

هه‌موان به‌م بڕگه‌یه‌ رازی بوون كه‌ جێی بڕگه‌ كۆنه‌كه‌ بگرێته‌وه‌ ( هه‌رچی كیژێك له‌ سازه‌ دێ له‌ دایك ببێت ، ئه‌ركی دانیشتوانی سازه‌دیێه‌ نه‌هێڵن به‌ ده‌ر له‌ ویستی خۆی به‌شوو بدرێت).

به‌ره‌و ڕوویان ڕایده‌كرد ، له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانیدا بۆ پێشه‌وه‌ بۆنی كارامێلیشی ده‌كرد . ده‌یگوت " خۆ توانیوێتی بیپارێزێت ، ده‌نكه‌ چكلێته‌كه‌ی پاراستووه‌. ئا لێره‌وه‌ بۆنی كارمێل ده‌كه‌م. چه‌نده‌  حه‌ز به‌ بۆنی كارامێل ده‌كه‌م."

 

‌هەوار



Aram | 2008/7/2 | 22:10

شیرین وا مەکە!


گه‌ر ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین چیرۆك بێت ئه‌وا هه‌نگاوێكی چوانه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی چیرۆكنوسێكی ناسكی دی . شیعریه‌ت بوون و شاعیر بوون و دێـڕه‌ شیعریه‌كان پێویستن بۆ چیرۆكنوس تا بتوانێ له‌ناو فه‌نتازیای ڕوداوه‌كاندا كاڵایه‌كی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌م بهێنێ. گه‌ر به‌ تایبه‌ت باس له‌ چیرۆكه‌كانی ئه‌وین بكه‌ین ئه‌وا ره‌نگه‌ هه‌ر بڕگه‌یه‌ك له‌ بڕگه‌كانی بتوانن ببنه‌ هه‌وێنی چه‌ندین نامه‌ی ئه‌وین و عه‌شقی نێوان دوو مه‌عشوق. ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌ی هه‌واردا ده‌یبینم ئه‌و نامه‌ جوان و ڕسته‌ جوانانه‌یه‌ كه‌ پڕن له‌ عه‌شق.

"هه‌ندێك وردتر له‌ گه‌ڵاكه‌ی ده‌ڕوانی و سه‌رنجی له‌ ده‌ماره‌كانی ده‌دا . ده‌یڕوانی تا بزانێت كام ده‌ماره‌یان له‌‌گه‌ڵ هێڵكێش و خه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌پی ده‌ستیدا ته‌ریب ده‌وه‌ستنه‌وه‌. ئه‌و وته‌ خه‌رافییه‌ی به‌بیر ده‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت (( ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی گه‌ڵایه‌ك له‌ له‌پی ده‌ستتدا دابنێێت و ئینجا وا بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر دوو ده‌مارێك له‌ ده‌مارۆچكه‌كانی نێو گه‌ڵاكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو خه‌تێكی نێو له‌پی ده‌ستتدا هاوته‌ریب بوه‌ستنه‌وه‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كی ڕوونی به‌خت باشییه‌.))"
نازانم ئه‌مه‌یان چه‌نده‌ وایه‌ له‌ دونیای واقعدا، یاخود داڕشتن و به‌رهه‌می هزر و ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵی هه‌وار‌ خۆیه‌تی، به‌ڵام له‌ هه‌ردوو باره‌كه‌دا هێنانه‌وه‌ و گیڕانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ له‌ حیكایه‌ت به‌ڕای من یاداشتكردنه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ن كه‌ بێ سه‌روشوێنن و له‌م لاو له‌ولا كه‌وتون و كه‌س هه‌ڵیان ناگرێته‌وه‌ و ده‌ستی ڕه‌حم و به‌زه‌ییان به‌سه‌ردا ناهێنێت.

چیرۆكه‌كه‌ باسی چاوڕوانی و به‌ڵین و گه‌ڕانه‌وه‌ یه‌ ، كه‌سێ كوچكه‌ی پێكهێنه‌ری تاكی په‌راوازه‌ی نیشتیمانن .
زۆر جار چیرۆكی پیاوانه‌ ژن پاڵه‌وانیه‌تی به‌ڵام دواجار هه‌ر پیاو باڵاده‌ست و قاره‌مانی یه‌كه‌مینه‌ تیایدا . مێینه‌یه‌ك قاره‌مانه‌ چاوه‌ڕوانی گه‌رانه‌وه‌ی نێرینه‌یه‌ بۆ نیشتیمان ، نا نێرینه‌ قاره‌مانه‌ چونكه‌ چوه‌ به‌ دوای هێنانه‌وه‌ی مێینه‌یه‌كدا بۆ نیشتیمان .
بۆچی شیرین خۆی نه‌چوو به‌ دوای شه‌مامدا ؟ ڕاسته‌ شیرین ڕه‌وه‌ندی خۆشده‌وێت و وه‌ك خۆی ته‌ماشای ده‌كا و له‌و زیاتر ڕاده‌بینێ كه‌ كاره‌كه‌ ئه‌نجام بدات به‌ڵام كه‌ ناچێ په‌یامێك ده‌داته‌ خوێنه‌ر كه‌ له‌خۆی ڕانابینێ ، گومانێك دروست ده‌كا كه‌ دواجار شیرین ئه‌و ژنه‌یه‌ كه‌ ناتوانێ وه‌ك پیاو بێت ....
ره‌نگه‌ خه‌ونی یاسا گۆڕین و گۆڕانی یاسا و قسه‌ زیاد له‌سه‌ر نه‌كردنی و قاره‌مانبونی شیرین له‌گۆڕانكاریه‌كانی ناو به‌سه‌رهاته‌كاندا‌ كه‌مێ چیرۆكه‌كه‌ كاڵ و كرچ بكا ، ره‌نگه‌ باسكردنیشی هیچ په‌یوه‌نده‌یه‌كی به‌ چیرۆكه‌كه‌وه‌ نه‌بێت و له‌ زیاده‌ باسكرابێ .. یان ڕه‌نگه‌ هاوار بیه‌وێت باس له‌و نیشتیمانه‌ خه‌یاڵیه‌ بكات و له‌ واقعدا پێمان بڵێت یاساكانی تیادا نه‌گۆڕاون ،دواجار به‌ دیوێكی تردا ئه‌وه‌ بدات به‌ گوێماندا كه‌ نه‌شه‌مام ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ و نه‌ ره‌وه‌ند فریا ده‌كه‌وێت بێته‌وه‌ و ، چاره‌نوسی شیرینیش به‌ شوودانه‌ ...

خه‌ڵوه‌تی چاوه‌ڕوانی و جارێكی دی سوتانی ژن له‌ ناویدا .........ئه‌وه‌ پیاوه‌ هه‌ر خه‌ریكی قاره‌مانیانه‌كانه‌ و گوێ نادا به‌ ماناكانی ژیان و دڵی ده‌نكه‌كه‌ی له‌ چاوه‌ڕوانیدا ده‌سوتێنێت و باكی نیه‌ ، به‌ڵام چاوه‌روانی و سوتانه‌كانی هه‌ر به‌شی شیرینه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر شیرینه‌ كه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی ره‌وه‌ند ده‌بێته‌ شادمانترین په‌پوله‌ی گوڵزاری ژیان ، ئه‌وه‌ هه‌ر شیرینه‌ ترسی له‌ ئاینده‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی و ڕه‌وه‌ند گه‌شیبینه‌ یان لانی كه‌م سه‌ركێشه‌ تا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێ نێت و هیوا بڕاو نیه‌؟
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو عه‌شقه‌ جوانه‌شا، من شیرینم به‌ كه‌سێكی ده‌سته‌وه‌ستان و بێ هیوا و بێ كار دیه‌وه‌ ، نه‌ك كه‌سێك كه‌ پێشڕه‌ و و یاسا شكێن . من بومایه‌ له‌ جیاتی هه‌وار شیرینم ده‌نارد به‌ دوایاندا و ئه‌وه‌نده‌م نه‌ده‌چه‌وسانه‌وه‌ . قسه‌ له‌سه‌ر چوست و جالاكی شیرینه‌ ، به‌ڵام هیچمان نه‌دی جگه‌ له‌ چاوه‌روانیه‌كی ئه‌ژنۆ شكێن ، كه‌ ڕه‌نگ بوو هاوار زۆری له‌سه‌ر بڕۆشتایه‌ و بیكڕوزانایه‌ته‌وه‌ خۆی ئینتیحار ده‌كرد؟ ....

"چاوی ڕاستم.......... " وای كه‌ جوانه‌ ئه‌و وته‌یه‌ كه‌ له‌وسه‌ری ساده‌یه‌كانی گوندنیشیناندا پڕه‌ له‌ عه‌شق...
بژیت هه‌وار كورته‌ فیلمێكی جوانم دی ..........

داخستن || | ژماره‌ی ئای پی : | بۆچوونی ئێوه‌
hawaar | 2008/7/4 | 06:16

کۆمێنتی بێ‌ناو

ئارام گیان،
سوپاست ده‌كه‌م كه‌ وا به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی درێژه‌وه‌ بوویت به‌ مه‌له‌وانێك و به‌ شاره‌زاییه‌وه‌ له‌ نێو شه‌پۆلی ئه‌و داڕشتنه‌ ئاڵۆزانه‌دا‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی هات و چونت هه‌بووه‌.
جا باشه‌ من ئه‌م هه‌موو ئارامه‌ له‌ كوێ بێنم ، هه‌تا له‌ ژێر كه‌پری شیكردنه‌وه‌ پڕ به‌هاكانیاندا بین به‌ شه‌ربه‌یه‌ك ئاوی پڕ له‌ زانسته‌وه‌ بنێم. چه‌نده‌ به‌رز له‌ تێڕوانینه‌كانت ده‌ڕوانم كه‌ چه‌پۆكه‌ به‌ره‌حمه‌كانی ڕه‌خنه‌ ده‌وه‌شێنن. چه‌ند وریایانه‌ پلۆتی چیرۆكه‌كه‌ت ده‌ستنیشانكردووه‌.
له‌ خانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ میوانێكی تری هه‌بێت ، ئه‌وا له‌بری ئه‌وه‌ی چاو به‌م دوو دێره‌ نوسینه‌ی مندا بخشێنێت ، ده‌چێت ورده‌ڵه‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ی خۆ پێی خۆشه‌ له‌ په‌یامی پلۆته‌كه‌ ده‌ڕوانێت و ئه‌وسا ده‌شێت چێژێكی لێ ببینێت و هه‌ست به‌وه‌بكات به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وبابه‌ته‌ هیچ كاتێكی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه‌. ده‌نا من پێم باش نییه‌ لێره‌دا بێم و بڵێم مه‌به‌ست له‌ پلۆتی ئه‌م چیرۆكه‌ ئه‌و ئازارانه‌ن كه‌ ده‌شێت كرده‌وه‌كانی ئێمه‌ له‌ كه‌سانی تردا دروستیان بكه‌ن. ده‌نا شیرین با كه‌سێكی وریاش بێت ، با كه‌سێكی چالاكی ناو كۆمه‌ڵ بێت ، با توانای ئاڕاسته‌كردنی ڕای گشتیشی هه‌بێت، با بتوانێت هه‌ستی مرڤانه‌ له‌ نزیكترین كه‌سانی خۆیدا به‌جۆشتر بكات، دواجار ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو یه‌كێك له‌ ئێمه‌ مرۆڤێكه‌ و كاتێك بۆ خۆشی كه‌سانی تر هه‌وڵ ده‌دات، ده‌زانێت ده‌شێت خۆشی توشی ئازار ببێت، خۆشی خۆی له‌ بیر نه‌كردووه‌. له‌ هه‌مان كاتدا پێمان ده‌ڵێت كه‌ له‌ كۆتاییدا بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی بژی ده‌بێت لێبوورده‌یی بناسین و له‌ هه‌ناوماندا مۆڵی خواردبێت. با كه‌ چاوه‌ڕوان بووین ، له‌ كۆتاییدا به‌ گله‌یی ئازیزانی دڵمان تۆپباران نه‌كه‌ین.
بزانه‌ چاوه‌ڕوانی چۆن ته‌می گومان له‌ هزردا دروست ده‌كات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یمانیش له‌ ئارادا بێت، گومان هه‌ر بوونی هه‌یه‌. لێ تا دڵنیایی له‌ به‌رامبه‌ر گوماندا خۆ ڕاگر بێت، هه‌ركات شه‌ماڵ بۆنی په‌یمانی به‌ره‌ و ڕومان هانی با بچین به‌ده‌میه‌وه‌.
له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ بیره‌ ئارامه‌كتدا كۆكم كه‌ هه‌وار خواستوه‌یه‌تی كارێكی قورس و گران به‌ كورته‌ چیرۆكێك بسپێرێت . خواستوێتی وا له‌ خوێنده‌ر بكات په‌یامی جیاجیا له‌ كاره‌كته‌رێكه‌وه‌ وه‌ربگرێت. ئایا فره‌ په‌یامی دڵی خوێنده‌رخۆش ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ شتێك له‌ خواسته‌كانی خۆی له‌ نێو بابه‌ته‌كه‌دا به‌دی بكاته‌وه‌؟ ئایا فره‌ په‌یامی توشی گه‌ڕه‌لاوژێمان ده‌كات؟یان به‌ نێو دونیای فراوانی خه‌یاڵدا ڕه‌تمان ده‌كات؟
دواجار نازانم چۆن سوپاسی ناسكی ئه‌و وشانه‌ت بكه‌م . ئاخر تۆ هێنده‌ به‌ڕه‌حمه‌وه‌ به‌ناو ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌وتویت وشه‌ به‌وشه‌ت كێڵاوه‌ و ده‌خوازێت مانایان پێ ببه‌خشیت. ده‌خوازیت رۆحی به‌تاڵیان پڕ بكه‌یته‌وه‌.
داخستن || | ژماره‌ی ئای پی : | بۆچوونی ئێوه‌


دواتر | په‌ڕه‌ی 15 له‌ 33 | ‌پێشوو