"هەتاو"
04:48 *2008/6/30
له نێوه‌ندی وه‌رزێكی هاویندا بووین ، چله بوو ، چله‌ی هاوین ، به‌هۆی له ڕاده‌به‌ده‌ر گه‌رمبوونیانه‌وه ، نه‌مده‌وێرا په‌نجه‌كانی ده‌ستم له ئاوزنگه زه‌رده‌وه‌بووه‌كانی پێڵاوه لاسیكه‌كانمه‌وه بده‌م. ئاخر ئه‌گه‌ر په‌نجه‌م بۆیان ببردایه له‌به‌ر گه‌رمبوونی له‌ڕادده‌به‌ده‌ریان په‌نجه‌كانم داخ ده‌بوون و ده‌بوو بۆ ماوه‌یه‌ك به لیكی ده‌مم په‌نجه‌كانمم ئه‌هوه‌ن و هێورم بكردایه‌ته‌وه. دونیا هێنده گه‌رم بوو ئه‌و دڵۆپه ئاره‌قانه‌ی به‌ژێرچه‌نه‌ی باوكمدا كاروانی هاتنه خواره‌وه‌یان به‌سبتبوو سه‌رنجیان ڕاكێشابووم ، هه‌ندێكیان هه‌ر له‌گه‌ڵ به زه‌ویدا ده‌كه‌وتن خێرا دیار نه‌ده‌مان. نازانم به‌هه‌ڵم ده‌بوون یان مێروله‌كان له تینواندا له‌گه‌ڵ به‌زه‌وی كه‌وتنیاندا هه‌ڵیان ده‌لوشین و ده‌یان خواردنه‌وه. چه‌ند ساڵێك پاشتر كه تازه فێری پرسیاركردن بووبووم، باپیره‌م له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی مندا سه‌باره‌ت به‌و دڵۆپه بارانانه‌ی به‌ر زه‌وی ده‌كه‌وتن و شوێنه‌كانیان باش نه‌ده‌بینران پێی گوتبووم هی ئه‌وه‌یه كه مێروله‌كان گورج ده‌یانخۆنه‌وه. ئاخر بۆیه ده‌ڵێم نازانم هۆكه‌ی چی بووه كه دڵۆپه ئاره‌قه‌كانی لاملی باوكم هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ر ده‌بوونه‌وه خواره‌وه خێرا دیار نه‌ده‌مان، هی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وسا خانه‌كانی مێشكی من، ئه‌وانه‌یان كه به‌رپرسن له تۆماركردنی یاده‌وه‌ریه‌كانم هێشتا سه‌ریان له هێلكه نه‌جوقا بوو تا له مێشكمدا له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كاندا هۆكاره‌كانیشیان تۆماربكه‌ن. ئیتر ئه‌وه گه‌رماكه‌بوو كه بۆم باسكردیت، ئیدی بۆ خۆت بیری لێبكه‌ره‌وه بزانه ئه‌و ده‌مه چ گه‌رمایه‌ك بووه. ئاخر ئه‌وسا نه باوكم و نه‌منیش گه‌رمیپێوێكی دیجیتاڵمان له گیرفاندا نه‌بوو تا په‌نجه به یه‌ك دوو دوگماندا بنێن و ئیدی بزانین پله‌كانی گه‌رما له بناری گڵه‌زه‌رده چه‌ند به‌رزبووبوونه‌وه ، ئه‌و چونكه نه‌خوێنده‌وار بوو ، نه بیستبووی ، نه ده‌شیزانی كه گه‌رما به ئامێرێك كه پێی ده‌گوترێت گه‌رمیپێو ده‌پێورێت و یه‌كه‌ی پێوانكه‌شی پله‌ی سه‌دییه‌كانن. منیش هه‌روه‌ك پێشتر بۆم باسكردن، هێنده منداڵێكی وردیله بووم ، هه‌موو دونیا ئاوبیبردایه نه‌مده‌زانی چی ڕویداوه. خۆ ئه‌گه‌ر باوكم بیزانیایه بۆ گه‌رماش، هه‌روه‌ك چۆن بۆ پێوانه‌ی ئه‌وقوماشانه‌ی ڕانك و چۆغه‌ی لێیان به‌كرد ده‌دا پێوانه‌یه‌ك هه‌یه، ئیدی ئێستا پێویستم به‌م هه‌موو درێژدادڕییه نه‌ده‌بوو تا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌و گه‌رمایه بۆتان بدوێم ، ده‌نا ئاسان و ڕاسته‌وڕاست پێم ده‌گووتن كه پله‌ی گه‌رما هێنده پله‌ی سه‌دی بوو. نه‌ك وه‌ك باوكم ، كه هه‌ر جارێك كه باسی له‌گه‌رمای زۆر كردبێت ، گوتبێتی "هێنده گه‌رمایه سه‌ری كه‌چه‌ڵ ده‌سوتێنێت"
خۆ من خۆم له بیرم نایه‌ت ، ئاخر ئه‌و گچكه‌ڵه به‌سه‌رهاته‌ی من له‌گه‌ڵ هه‌تاو و گه‌رمادا هه‌موی خۆشكه گه‌وره‌كه‌م بۆی گێڕاومه‌ته‌وه. هێنده‌ی بۆ گێڕاومه‌ته‌وه ئیتر هه‌ندێك جار وام به‌بیردا دێت كه خۆم ئه‌و شتانه‌م له بیردا تۆماركردبێت و سه‌رنجم لێیان دابێت. به‌ڵام نا هه‌روه‌ك بۆم باسكردن ئه‌وسا من هێنده منداڵ بووم هێشتا نه‌گه‌شتبوومه ئه‌وته‌مه‌نه‌ی بزانم چی له ده‌ور و به‌رم ڕووده‌ده‌ن. ئاخر خۆ ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌ر خۆم ئه‌و یادگاریانه‌م له بیره و خۆم له خانه‌كانی مێشكمدا كه‌ڵه‌كه‌م كردوون، ئه‌وه سور لاتان ئاشكرا ده‌بێت كه كابرایه‌كی درۆزن و ئه‌نتیكه‌م وخاڵه ڕه‌حیمه خۆشدوو و قۆشمه‌چییه‌كه‌ی شار به شاگرد ڕاناگرم. هه‌وڵدان و پڕۆپاگه‌نده‌كردن بۆ بوونی توانایه‌كی وه‌ها له ئه‌وسای منداڵی مندا ، ڕاست ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه من بێم و پێتان بڵێم هه‌رچی زانا و مانای لێكۆڵه‌ره‌وه هه‌یه كه له گه‌شه‌ی مێشكی منداڵان ده‌كۆڵنه‌وه درۆ ده‌كه‌ن و ئه‌و شتانه‌ی له ته‌مه‌نی سێ ساڵاندا له ده‌ور و به‌ری مندا ڕویان داوه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئا ئێستا روویان دابێت به جۆگه‌له‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانمدا دێن و ده‌چن و قه‌ڵبه‌زه‌ی لاف و گه‌زافكردنیانم گوێ لێیه. ئه‌وه بۆیه ده‌رهه‌ق ئه‌و بیرۆكه‌یه كه‌مێك دوودڵ و شڵۆقم، ده‌ڵێم نه‌با به درۆزن ناوزه‌دم بكه‌ن و ناونه‌تۆره‌یه‌كیشم لێ بنێن. ده‌نا خۆ حه‌ز ده‌كه‌م ، بێم و خۆمتان لێ بكه‌م به بلیمه‌تێك و بڵێم من هه‌ر له منداڵیه‌وه توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌رم هه‌بووه. به‌ڵام خۆی له ڕاستیدا من توانای سه‌رسوڕهێنه‌رم نه‌بووه ، به‌ڵكو من به‌ختێكی سه‌رسوڕهێنه‌رم هه‌بووه. هه‌ر به‌و ڕۆژه‌دا ده‌زانم ، كه له پاڵ تاشه‌به‌رده‌كه‌دا دانیشتبووم.
هێشتا لاپاڵێ تاشه‌به‌ردێكی كانه به‌رده‌كه كه به‌ستوونی بڕدرابوو، پڕێك سێبه‌ری به‌ده‌مه‌وه‌مابوو ، باوكم پاش خواردنی ژه‌مێك نان و ته‌ماته‌ی ئاڵ و مزر ، تا بۆ گوژمێكی تر له به ردبڕین گوڕێك به‌به‌ده‌نیدا بێته‌وه ، چایه‌كی خه‌ستی له كترییه ڕه‌شه قه‌ترانیه‌كه‌دا لێنابوو. ئه‌وكتریه‌ی قه‌تماغه‌یه‌ك كاربۆنی به‌هه‌واداچوی له‌سه‌رنیشتبوو كه له كۆته‌ڵه داری سوتاوی ئاگردانه‌كه‌وه به‌رزبووبووه‌وه. خۆ من هه‌رگیز ده‌ره‌قه‌تی خه‌ست و خۆڵی ئه‌وچایه‌م نه‌ده‌دا، پاشان مێشكی من به‌و منداڵییه كه هێشتا له چه‌كه‌ره‌كردندابوو چ پێویستی به كافیینی وریاكه‌ره‌وه هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیار بێت و به‌ئاگا بێته‌وه . ئه‌وه بۆیه ده‌ڵێم باوكم ئه‌وچایه‌ی بۆ خۆی لێنابوو. خۆی له ڕاستیدا هه‌ر له بنچینه‌وه من نه‌ده‌بوو له‌وێ بم ، ئاخر ئه‌و هه‌رگیز حه‌زی به‌وه نه‌ده‌كرد من بۆ كانه به‌رده‌كان ببات، زۆر خه‌می بوو كه تینی هه‌تاوی چله كاری وێرانكه‌رانه‌ی خۆی له جه‌سته‌م بكات. لێ ئه‌م به‌یانییه كاتێك كه ئه‌و خۆی بۆ كار ئاماده‌كردبوو و ده‌یویست له ماڵ ده‌ربچێت ، من وه‌ك هه‌موو جارێك گه‌لێك به‌دوایدا گریابووم، جا چونكه ئه‌وجاره‌یان به‌زه‌یی به خوڕی ئه‌سرینه‌كانمدا هاتبووه‌وه ، ئیدی نه‌یویستبوو دڵم بشكێنێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا بردبوومی بۆ كانه‌به‌رده‌كان. جا ئه‌و نیوه‌ڕۆ گه‌رمه هه‌ر كه ئه‌و له خواردنه‌وه‌ی چاكه‌ی بووه‌وه بۆ سه‌ركار گه‌ڕابووه و منیش له‌بن گابه‌رده‌كه‌دا دانیشتبووم كه هه‌تاو ورده ورده تینی خۆی به ناوقه‌دیدا ده‌دا. ئیدی بزانه تینی هه‌تاو زۆری بۆ هێنابم جموجۆڵی پێخستبم، یان شێوه‌ی دڵفڕێنی كڵاوكوڕه‌یه‌ك به قونه‌قونی خۆی سه‌رمه‌ستی كردبووم و به‌دوای ورده فڕینه‌كانیدا ڕۆشتبم . به‌كوردیه‌كه‌ی بن گابه‌رده‌كه‌م جێ هێشتبوو. تومه‌س به‌ده‌م تلۆربوونه‌وه‌وه به دوای باڵه فڕكه‌ی كوڵاوكوڕه‌دا و له‌ژێر تینی هه‌تاودا له كانه به‌رده‌كان دووركه‌وتبوومه‌وه ، هه‌تا به‌و ئاوه‌دانییه‌ی كه ناوه‌كه‌ییم بیرنه‌ماوه گه‌شتبووم . سه‌یره نازانم بۆ ناوی ئه‌و ئاواییه‌م به بیردا نایه‌وته‌وه. ئه‌و ئاواییه‌ی كه خه‌ڵكێكی زۆر پێیان وابوو كه جنۆكه كۆنفرانسی ساڵانه‌ی خۆیانی تێدا سازده‌كه‌ن. ئیدی له‌وێ ، به‌ده‌م گریانه‌وه ، ڕووه و سه‌رته‌نووره‌كه ملم ناوه و. هه‌روه‌ك خۆشكه گه‌وره‌كه‌م بۆی ده‌گێڕامه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌و پیرێژنه ده‌ست به‌خاڵه، مه‌چه‌ك پڕ له بازینگی زیوین و چاو به كله‌دا ده‌بمه هاوه‌ڵ و كوته كولێره‌یه‌كی گه‌رمی تازه له‌ته‌ندور ده‌رهاتوو ده‌داته ده‌ستم و قومێك دۆی خه‌ست و خۆڵم له قاپێكی فافۆن بۆ ده‌كات. نازانم ئیدی به‌ده‌م گۆرانی و لاواندنه‌وه‌كه‌ی ئه‌و پلكه مه‌نیجه‌وه ژیربوومه‌ته‌وه یان له خۆشی كولێره و دۆكه ماڵئاواییم له فرمێسكه‌كانم كردبوو. من ئه‌وه‌م به‌بیردا نایه‌ت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مووساڵێك له‌و ڕۆژه‌دا خۆشكه گه‌وره‌كه‌م بۆی ده‌گێڕامه‌وه، هێشتا هه‌تاو تینی خۆی له‌ده‌ست نه‌دابوو ، هێشتا ده‌ستی ڕۆژ نه‌گه‌شتبووه سه‌رلوتكه‌ی پیره‌مه‌گرون تا شان بۆ پشوه‌یه‌كی ئێواران دابدات ، گرمه‌و هه‌ڵایه‌كی گه‌وره له بۆشایی ئاسماندا ده‌نگ ده‌داته‌وه.
زرمه‌ی ڕه‌تڵێك گولله تۆپ پشت دێكه‌ی له‌راندبووه‌وه، ئه‌و دێیه‌ی كه زۆربه‌ی خه‌ڵك لایان وابووه كه قه‌د و په‌لی مێوه‌كانی هێشوی جنۆكه له‌خۆده‌گرن . هه‌رچه‌ند ده‌مڕاست و دونیادیده‌كانی دێ ئه‌و گۆته‌یه‌یان به بێ بنه‌ما به‌خه‌ڵك ده‌ناسان، كه‌چی خه‌ڵكانێكی زۆر نه‌یانده‌ویست ده‌ستبه‌رداری ئه‌و باوه‌ڕه‌ی خۆیان ببن. ئاخر ئه‌وسا من توانایه‌كی وا گه‌یشتوم نه‌بوو تا لایه‌نگری لایه‌ك له دووبه‌ره ناكۆكه بكه‌م. ئاخر هه‌روه‌ك پێشتر باسم كرد من هه‌رچی له‌ده‌ورم ڕوی بدایه ده‌ربه‌ست نه‌ده‌هاتم. ئیتر بزانه هه‌تاو چۆن منیبه ئێستا گه‌یاندووه . ئیدی له دوای ئه‌و ڕۆژه‌وه نه‌مده‌زانی كه بۆچی هه‌رگیز باوكمم نه‌ده‌بینییه‌وه له ڕۆژه گه‌رماكانی هاویندا دڵۆپ دڵۆپ ئاره‌ق به گه‌ردنه ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌یدا بۆ سه‌ر زه‌وی به‌ره‌وخوارببنه‌وه تا مێروله تینوه‌كان بیانخۆنه‌وه.
دوانێوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رمه ، تازه له خواردنه‌وه‌ی چایه‌كی خه‌ست و شیرین بومه‌ته‌وه ، بۆ سه‌ركار ده‌گه‌ڕێمه‌وه. زارۆكێكی چاوڕه‌ش ده‌بینم. له لای گابه‌ردێكه‌وه ڕۆنیشتووه. هه‌تاو خۆی بۆ لای ئه‌وه‌وه كێس ده‌كات. پرچه ئاڵوزاوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تاڵه ئاوریشمییه‌كانی هه‌تاودا گه‌مه ده‌كات. ده‌ور و به‌ری خۆی بۆ شیكار و شرۆفه ناكرێت. گه‌مه به سێ چوار ده‌نكه‌ڵه چه‌و ده‌كات و به‌ئاسماندا هه‌ڵیان ده‌دات ، منیش دڵم داده‌خورپێت ده‌ڵێم نه‌با له‌كه‌وتنه‌خواره‌وه‌یاندا چه‌وه‌كان به‌ر سه‌ری خۆی بكه‌ونه‌وه،. له دیمه‌نی ئه‌و كڵاوكوڕه‌یه ده‌ڕوانم كه چڵه‌پوشیكی به ده‌ندوكه‌كانیه‌وه گرتووه و سه‌رنجی ئه‌وی بۆ خۆی كێشكردووه. هێشتا خانه‌كانی تۆماركردنی ڕووداه‌كان له مێشكه مه‌لۆتكه‌كیدا سه‌ریان له هێلكه‌كه نه‌جوقاوه. ناتوانێت ڕوداوه‌كان له قوڵایی مێشكی‌دا تۆمار بكات. گه‌رمایه ، گه‌رمی پێوی قه‌د گابه‌رده‌كه ٤٨ پله ده‌خوێنێته‌وه و تینی هه‌تاو خۆییم تێ هه‌ڵده‌سوێت.
هەوار