پاش کار ، بۆ ئۆتێلەکە گەڕامەوە . ئارەزووی هیچم نەدەکرد . بۆیە پێم باشبوو هەر لە نێو باوەشی ژووەرەکەدا بمێنمەوە و بۆ دەرەوە نەڕۆم. خۆ وا خوەرکە خۆر ڕووەو ماڵە دێرینەکەی دەڕواتەوە ، دەزانیت لە پێش ئاوابوونی خۆردا ڕوانین لە چیا پڕ لە دارەکانی دەووروبەری مۆرگن تاون هەموو باڵندەکانی نێو خەیاڵم هەیە دەخاتە باڵە فڕە . لێ نا ، ئەمڕۆ حەزێکی چڕم لە خوێندنەوە هەیە . بەڵام بە ڕاست چ کتێبێکم لا نییە تا هەندێک لە ڕستەکانی نێویان بکەمە لایلایەی ڕۆحم. ئاخ چەند لە شاشەی تەلەڤزێۆنەکە بێزارم . نا ئەمڕۆش ئارەزووم بەبینینی بەرنامەکانی تەلەڤزیون نییە بۆیە باشترە دەنگەکەی تەواو کز بکەم.
دەزانم تەنها دەمەوێت شتێک بخوێنمەوە . هەقی خۆیەتی سوپاسێکی بەڕێوبەرایەتی هۆتێلەکە بکەم . ئاخر ئەوەتا هێڵێکی خێرای ئینتەرنێتیان هەیە و لە ڕێگەی وای فیەوە منیش لە ژوورەکەمدا دەتوانم کەڵک لە بەکاربردنی تۆڕی ئینتەرنێت ببینم .
چ لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت بخوێنمەوە؟ بیرۆکەیەکم بۆ هات . با بە دوای کورتترین چیرۆکەکانی سەر تۆڕە جاڵجاڵۆکەییەکانی ئینتەرنێتدا بگەڕێم . ئەی چی . ماکینەی گەڕانی گۆگڵ بۆ کارێکی وا نەبێت بۆچی باشە. بزانم هزرم بە چی ئاشنا دەبێت. پێ دەچێت ئەمە چیرۆک نوسێکی لاو بێت . پێ دەچێت عاشقێکی تۆراو و پەژێوان بێت . با چیرۆکە هێجگار کورتەکە بخوێنمەوە . نووسەرەکەی ناوی کۆنال گوێلە . لەوە دەکات نووسەرێکی هیندی بێت. بیرۆکەکەم فراوانتر بوو ، پێم باشە ئێوەش لەو زێدە کورتە چیرۆکە بێ بەش نەکەم . بۆ نا؟ بێرۆکەیەکی باش دیارە. ئاخر خۆ چیرۆکەکە لەگەڵ کورتییەکەیدا پڕ مانا دیارە ، بۆیە هەست دەکەم بە وەرگێڕانی سەلکی کەسی پێ نەیەشێنم.
هەموو ڕۆژێک یەکشەممەبوو. (کونال گوێل )
ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ دەکەم . خێرا ئەوەم بە هۆشدا هاتەوە کە شەش مانگی بەسەردا چووە . چەندە هەستێکی نامۆیە ، ژیان دەڕوات و وا دەزانیت هیچ ڕوی نەداوە ، یانیش هیچ ڕو نادات. بەڵام بۆچی پێویست دەکات ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ بکەم؟ بۆئەوەی لێی بپرسم کە ئەو کارە بۆچی ڕویدا؟ بۆ ئەوەی پێی بڵێم کە من چەندە گەوج بووم کە وازم لێهانی و لێی گەڕام هەرکەس بەلای ژیانی خۆیەوە بچێت.
ئەوەتا 1*6*0*1*8*4*7 بیپ بیپ، درینگ دڕینگ . تەنها دوایین درینگێکی تر .
هەلەو ، دەنگێک لە ئەوسەری هێڵی تەلەفۆنەکەوە وەڵامی داوە ، لە گەڵ تۆخگوتنێکی بڕگەی "هەل"ەکدا .
قوڕم بەسەر ، خۆ ئەوە باوکییەتی . زرم ، شاق.
ئاه ، نا . خۆ بیرم چووبوو کە ئەمڕۆ یەکشەمەیە و باوکی پشووی هەیە. نا ئەو ناتوانێت ئەمڕۆ لەگەڵمدا بدوێت. شەش دانە مانگ و شەش ڕۆژی ڕێک چاوڕێم کرد . کەچی لەم یەکشەمەیدا تەلفۆنم بۆ کرد.
ئاخر چۆن شتی وادەبێت؟