هەوار

هەردەم بەو ئاواتەوەم

ناسینەوە

چاوەکانی بەسەر نمرەکانی کارتی کۆتایی ساڵدا دەهاتن و دەچون. کز و لاوازیان دەنواند . ئەو نمرە بەدفەساڵانە نائومێدیان لە سەر ئەو پارچە کاغەزە نالەبارەوە دەدایەوە و تیشکی ڕوناکیان لە چاوەکانی دەدزی و تاریکیان بەسەردا دەڕشانەوە. هیچ ئاگای لە ژاوەژاوی دەو رو بەر نەمابوو . هەڵبەز و دابەزی هەندێک لە هاوڕێکانی ئەو ساڵەی خوێندنی پۆلی شەشەمی ئامادەیی نەدەبینی کە لە خۆشی نمرەکانیان جێگایان بە خۆدا نەدەگرت. ئاگای لە فرمێسکە گەشەکانی هەندێکی تریان نەبوو.  خەمی ئەوەی نەبوو کە پاشەرۆژی پسپۆڕی و پیشەکاری ئەو بەند دەبێت لەسەر ئەو نمرانەی کە لەسەر ئەو پارچە کاغەزە سنگی نالەباری خۆیان کردبووەوە. خەمی ئەوەی بوو کە بەڵێنەکەی نەدەهاتە دی .

 "بەڵێن ، بەڵێنی چیتە ؟" دەنگێک لە نێو کرۆمۆسمەکانیەوە بەرز دەبوونەوە .دەنگێک لە قوڵایی خانەکانی لەشیەوە هەڵدەقوڵان دەیانخواست بەئاگای بهێننەوە . کە بەڵێنەکانی ئەو بۆ ویستی خۆی نەبووە بەڵکو بۆ ڕازیکردنی خواستەکانی کەسانی تر بووە. دەنگەکان بە ملوانکەیەکی نەرم دەچوون و دەنکەکانی گەرمیان لەخۆوە ئاڵاندبوو . وەک ڕستێک هیوای دەست لەناو دەست  لە گەردنیەوە دەئاڵان و ووردە ووردە ناسنامەی ئەویان لەبەر چاوەکانیدا ڕوون دەکردەوە . ناسنامەەیەک کە شایستەی شانازیکردنە پێوەی . وردە وردە لەو ساتەدا هەستێکی ناهەموار لە سینەیدا دەپوکایەوە ، لە هەناویدا شانازییەک کە پێشتر لێی وونبووبوو لەدایک دەبوون .

" دکتۆری چی ؟دەبم بەوەی کە خۆم دەخوازم ببم نەک بەوەی کە دەیانەوێت هەبم. " ئاوا هۆڵەکەی بە جێ دەهێشت و لە هەوا دەگەڕا گەردنی بەرزی باوەشێن بکات.





دواتر | په‌ڕه‌ 18 له‌ 45 | ‌پێشوو