کۆمێدی نوس و کاریکاتۆرکاری ئەمەریکی جەیمس سۆربەر 1894- 1961 ز دەربارەی ترس و توڕەیی گوتویەتی:
با لە توڕەییدا بۆ دواوە نەڕوانین ، لە ترسیشدا تەماشای پێشەوەمان نەکەین. با بە وریاییەوە لە دەوروبەرمان بڕوانین.
جەیمس دەربارەی وریایی کیژۆڵە ژیکەڵەکان ئەمەی بەرهەمەی بەم شێوەیە گێڕاوەتەوە:
کیژۆڵەیەکی بچوک و گورگەکە (جەیمس سۆربەر) وەرگێڕان: هەوار
نیوەڕۆیەکی دەرەنگ ، گورگێک لە تاریکی لێڕەوارێکدا خۆی مەڵاسدابوو بۆ کیژۆڵەیەک کە سەبەتە خواردنێکی بێبووبوو تا بیبات بۆ نەەنکە بەساڵادا چووەکەی. کە کیژەکە پەیدابووبوو و سەبەتەیەکی پڕ خواردنی بە دەستەکانی هەڵگرتبوو.
گورگەکە لێی پرسی بوو "داخۆ ئەو سەبەتە خواردنەی بۆ نەنکی دەبات؟" کیژۆڵەکەش بە ئەرێ وەڵامی گورگەکەی دابووەوە. پاشان گورگەکە پرسیاری ئەوەی کردبوو کە نەنکی لە کوێ ژیانی بەسەردەبات؟ کاتێک وەڵامی پرسیارەکەی درابووەوە ، گورگەکە خۆی بەناو دارستانەکەدا کردبوو و ڕۆشتبوو.
کاتێک کیژۆڵەکە گەشتبووە ماڵی نەنکی و دەرگای خانووەکەی کردبووە ، بینیبووی وا کەسێک لە جێگاکەدایە و کڵاوێکی شەوانەی لەسەردایە و کراسێکی ئاودامانی شەوانەشی لەبەردایە. کیژە هێندەی بیست و پێنج پێ (حەوت مەتر و نیو) زیاتر لە جێگاکە نزیک نەبووەوە و بینی ئەوە نەنکی نییە لە جێگاکەدا ، بەڵکو گورگەکەیە.
ئاخر گورگێک بەکڵاوێکی شەوانەوە هێندە بە نەنکێک دەچێت وەک ئەوەی "مام هرچی هەڵپەڕکێ باز " بە "گوڕنەتەڵە" بچێت. ئا لەو کاتەدا بوو کیژۆڵەکە ڕەشاشێکی لە سەبەتەکەیەوە دەرهێناو گورگەکەی مردارکردەوە.
بەسەرهاتی ئەم چیرۆکە مشتومڕی زۆری لەسەرە و ناوەرۆکی ئەم چیرۆکە بە چەندین زمان و بەشێوەی جیاجیا گوتراوەتەوە. پێ دەچێت بەربڵاوترین گێڕانەوەی خۆی لە ژێر ناوی" کیژە گچکەڵە كڵاو سورەکە." پیشاندابێت.